حکوومهتی ناوهندی له حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدرال و وەفدێکی حکوومەتی عێراق کە لە هەریەکە لە وەزیرانی نەوت و پلاندانان و ئاوەدانکردنەوەی و نیشتەجێکردن پێکهاتبوون، عەبادی وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، گرنگی دیدار و کۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان هەردوولای دووپات کردەوە بۆ لێکگەیشتنی هاوبەش بەرامبەر بە پێشهاتەکان و گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر بەرنامەیەکی کار بە شێوەیەک که لە بەرژوەندیی عێراق و هەرێمی کوردستان بە گشتیدا بێت.
به گوێرهی ڕاگهیهندراوێکی حکوومهتی ههرێمی کوردستان، وهفدی هەرێم لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش دەخوازێت هەموو دەڤەرەکانی عێراق وێران بکات و لەمبارەشەوە جەختی لە کاری هاوبەش و پێکەوەیی و بەردەوامیی هەنگاوەکانی سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوی تیرۆریستانی داعش بە مەبەستی ئازادکردنی شاری مووسڵ و هەموو ئەو دەڤەرانەی لەژێر دەستی داعشدان، کردەوە.
لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان گرنگیی دیدار و کۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان هەولێر و بەغدای دووپات کردەوە و پیرۆزبایی ئەو سەرکەوتنانەشی لە سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد، کە سوپای عێراق لە شاری ڕۆمادی بەرامبەر تیرۆرستانی داعش بەدەستیان هێناوە و هیوای خواست کە هاوکاریی و هەماهەنگی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق ببێتەهۆی ڕزگارکردنی تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لە تیرۆرستانی داعش.
نێچیرڤان بارزانی هەروەها پوختەیەکی لەبارەی قەیرانی دارایی هەرێمی کوردستان و هۆکارەکانی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوەدا، کە هاتنی نزیکەی یهک میلیۆن و هەشتسەد هەزار ئاوارە و پەنابەری دەستی تیرۆر بۆ هەرێمی کوردستان، ڕەوشی دارایی هەرێمی قورستر کردووە بۆیە بە پێویستی زانی حکوومەتی عێراق کۆمەک و هاوکاری بۆ ئەو ئاوارە و پەنابەرانە بنێرێت و یارمەتیان بدات.
لە لایەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا داکۆکی لەسەر هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان حکوومەتی عێراقی فیدرال و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرایەوە لە هەموو بوارەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی و ئابووری و تەواوی ئەو مەترسیانەی ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان و عێراق دەبنەوە. بە تایبەتیش باس لەو قەیرانە داراییە کرا کە بەهۆی دابەزینی بەرچاوی نرخی نەوتەوە لە بازاڕەکانی جیهان دروست بووە و کاریگەریی خراپی کردووەتە سەر عێراق و هەرێمی کوردستان، هەردوولاش جەختیان لە پێویستی دانانی بەرنامەیەکی چاکسازیی ئابووری کردەوە بە شێوەیەک هەوڵ بدرێت لە بواری داهاتدا کەمتر پشت بە فرۆشتنی نەوت ببەسترێت.
لە دیدارەکەدا ئەو مەترسیانەش تاوتوێ کران کە لەسەر بەنداوی مووسڵ دان و تیشک خرایەسەر ئەو ڕێکارانەی کە دەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییە بگیرێنەبەر. هەروەها لەسەر ئەوەش ڕێککەوتن کە بۆ بەردەوامیی دیالۆگ و گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا لەپێناو لێکگەیشتنی زیاتر و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوولا، کۆبوونەوەی دەوری بەشێوەیەکی بەردەوام ئەنجام بدرێن.
ههر له چوارچێوهی سهردانهکهیاندا، ئێوارەی ئەمرۆ یەکشەممە 30/1/ 2016 وهفدی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، سەردانی هەر دوو باڵوێزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەریتانیای لە بەغدا کرد و لەگەڵ باڵوێز و بەرپرسانی دیپلۆماسیی ئەمریکی و بەریتانی کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکاندا تیشک خرایەسەر ئەنجامی کۆبوونەوەی نێوان هەردوو وهفدی هەرێم و حکوومەتی عێراقی فیدرال و داکۆکی لە هەماهەنگی نێوان هەر دوولا لە بواری سەربازیدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و نەهێشتنی مەترسییەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق بەگشتی کرایەوە.
هەروەها جەخت لە بەردەوامی گفتوگۆ و دیالۆگ و دیدار و کۆبوونەوەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق فیدرال کرایەوە بۆ چارەسەرکردنی تەواوی ئەو کێشە و گرفتانەی لە نێوان هەولێر و بەغدادا بە هەڵپەسێراوی ماونەتەوە.
وهفدی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەردوو دیدارەکەدا لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکی و بەریتانی داوایان کرد، کە هەردوولا هەوڵی زیاتر بدەن بۆ ئەوەی وڵاتەکانیان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش هاوکاریی زیاتری هەرێمی کوردستان بکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوی شەڕی داعش و هاوکاری کردنی نزیکەی یهک میلیۆن و هەشتسەد هەزار ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستان کە لەم دۆخەدا بوونەتە بارقورسییەکی زۆر بۆ حکوومەتی هەرێم بە تایبەتی کە هەرێمی کوردستان لە ئەنجامی قەیرانی دارایی ئێستادا، لە ژێر بارێکی سەخت و قورسدایە.
لە کۆبوونەوەکاندا هەردوو لایەنی ئەمریکی و بەریتانی خۆشحاڵی و پشتگیریی خۆیان بۆ بەردەوامی دیالۆگ و گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا پیشان دا و جەختیان لە بەردەوامی ئەو کۆبوونەوە و دیالۆگانە کردەوە.